حمیمیم: کوژرانی سێ سەربازی سووری لە بۆردومانێکی ئۆپۆزسیۆندا لە ئیدلیب

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا لە بنکەی حمێمیم لە سووریا ڕایگەیاند کە سێ سەربازی سووری کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە، بە هێرشێکی مووشەکی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.

ئۆلیگ ئیگۆرۆف، جێگری بەرپرسی ناوەندی حمیمیم وتی: هێرشە مووشەکییەکە لەلایەن تیرۆریستانەوە لە پارێزگای ئیدلبی سووریا ئەنجام دراوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بۆردومانه‌ موشه‌كییه‌ی تیرۆریستانه‌وه‌، له‌ ناوچه‌ی دێر سونبول‌، له‌ پارێزگای ئیدلب، بۆ سه‌ر پێگه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌ت له‌ گوندی حه‌نتوتین، سێ ئه‌ندامی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سووریا كوژراون، یه‌كێكی دیكه‌ش ‌ بریندار بووە.”

چوارشەممەی رابردووش ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا ڕایگەیاند کە چەکدارانی هەیئەی تەحریر شام (جەبهەی نوسرەی پێشوو) پێنج هێرشیان ئەنجامداوە، لە ناوچەکانی ئاگربەست لە سوریا.

ماوەی نزیكەی مانگێكە ناوچەكانی ئاگربەست لە باكووری رۆژئاوای سووریا پەرەسەندنی سەربازی و ئاڵوگۆڕی چڕی تۆپبارانی نێوان هێزەكانی حكومەت و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان بەخۆوە دەبینن لە میحوەرە جیاجیاکان و بە تایبەت باشووری ئیدلب و رۆژئاوای حەلەب.