ئەمریکا هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر کەشتییەکی ئێرانی

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، کەناڵی (ئێن بی سی نیوز) وردەکارییەکانی سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا بۆ سەر “کەشتییەکی گومانلێکراوی سیخوڕیی ئێرانی”، ئاشکرا کرد.

ئاژانسەکە لە زاری سێ بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەم دواییانەدا هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر کەشتییەکی سەربازی ئێرانی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە، کە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بووە لەسەر کەشتییە بارهەڵگرەکان.

لە راپۆرتەکەی ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە هەفتەیەک لەمەوبەر لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی حکومەتدا هاتووە بۆ هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە میلیشیاکانی عێراق بە پاڵپشتی ئێران لە کۆتایی مانگی رابردوودا ئەنجامیانداوە، کە لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە تێکدانی توانای کەشتییەکە بووە بۆ گواستنەوەی زانیاری هەواڵگری بۆ حوسییەکانی یەمەن.

حوسییەکانی سەر بە ئێران لە چەند هەفتەی رابردوودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆ سەر ئەمریکا ئەنجامداوە و ڕایانگەیاندووە، ئەو هێرشانە وەڵامێکە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و دەربڕینی هاوسۆزی خۆیانە لەگەڵ فەلەستینییەکان.