بەڕێوبەریی خۆسەریی ئەپلیکەیشنێک بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی دادەمەزرێنێت

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێک لە بەڕێوبەرێتی سووتەمەنی رەققه رایگەیاند، لە ئامادەکاریدان بۆ دانانی ئەپلیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی نوێ، کە تانکەرەکان بە کۆدێکی تایبەت بە وێستگەکانەوە دەبەستێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لە میکانیزمێکی دابەشکردن، که قەرەباڵغی له وێستگەکانی سووتەمەنی کەم بکاتەوه.

پاڵاوگەکان و دامەزراوە نەوتییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی تورکیا و بەهۆیەوە ژێرخانی ئەو وڵاتە وێرانبوون و بەمەش وێستگەکانی ناوچەکەش قەرەباڵغی و زیادبوونی خواستیان لەسەر سووتەمەنی بەخۆوە بینی.

عومەر محەممەد، بەڕێوەبەری سووتەمەنی رەقە رایگەیاند، دوای پەیوەندیکردنیان لەگەڵ دەستەی سووتەمەنی و پەیوەندی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی تەکنیکی، گەیشتوونەتە “قۆناغی دەستپێکردنی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و ئێستاش لە پرۆسەی نوێکردنەوە و پەرەپێداندایە”.

بە گوتەی بەڕێوبەرەکە، ئەپڵیکەیشنە نوێیەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەردەست دەبێت، کە تیایدا کۆدی ئۆتۆمبێل لە شارەکەدا بەستراوەتەوە بەو بەنزینخانانەی کە دەکەونە ناو شارەکەوە، هەروەها هەمان شت جێبەجێ دەکرێت بۆ کەرتە گوندنشینەکان.

ژمارەی ئەو بەنزینخانەیانەی لە رەققە کاردەکەن 84 بەنزینخانە و بەسەر لادێ و شاردا دابەشکراون.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2022دا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سوتەمەنی سەر بە بەڕێوبەریی خۆسەریی ئەپڵیکەیشنی “وەسڵ”ی خستەگەڕ، کە تەرخانکردنی ئۆتۆمبێل و شوێنی دابەشکردنی سووتەمەنی رێکدەخات، تێیدا ئۆتۆمبێلەکان بەپێی جۆر و قەبارەی خۆیان بۆ چەند پۆلێک پۆلێن دەکرێن.

بەر لە بۆردومانی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان، رۆژانە بڕی سووتەمەنی تەرخانکراو بۆ رەققە 150 هەزار لیتر بەنزین و نزیکەی 500 هەزار لیتر گازۆیل بووە، بە تەرخانکردنی کشتوکاڵ و گەرمکەرەوەشەوە.

دوای بۆردومانەکەی تورکیا، بڕی بەنزین کەمیکردووە بۆ 150 هەزار لیتر گازۆیل، هاوکات بڕی بەنزینی هاوردەکراو بۆ رەققە لە نێوان 70 بۆ 80 هەزار لیتردا بووە، بە گوتەی بەڕێوەبەری سووتەمەنی.

ئامادەکردنی: زانا ئەلعەلی – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان