کوژرانی دوو کرێکاری کۆکەرەوەی قارچک لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، دوو کرێکار کە خەریکی کۆکردنەوەی قارچک بوون، بەهۆی فیشەکی کەسانی نەناسراوەوە لە بیابانی رۆژئاوای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کوژران.

لە ماوەی وەرزی رابردوودا، بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، کوژران و برینداربوونی 266 کۆکەرەوەی قارچکی لە سەرانسەری ناوچەکانی سووریادا بەبەڵگە کردووە، کە 205یان کوژراون و 61ی دیکەشیان برینداربوون، کە ژن و سەربازیشیان تێدایە.

کوشتن و بەئامانجکردنی کۆکەرەوانی قارچک لە بیابانەکانی سووریا، کە وەرزەکەیان لەنێوان مانگەکانی شوبات و نیسانی هەموو ساڵێکدایە، بەو پێیەی قارچک لە بیابانەکان دوای بارانبارین گەشە دەکات و گرێی نایترۆجینی دروست دەکات بەهۆی هەورەبروسکە و رەشەباوە، بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە قازانجێکی زۆری لێ بەدەست دێت.

سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەی ئەلمەسرەب لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور رایگەیاند، کۆمەڵێک خەڵکی شارۆچکەکە، کە لە دروێنەی قارچکدا کاردەکەن، لەکاتی کارکردندا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، بە هۆی هێرشەکەوە “سامی ئەلمحەممەد” و “سابت ئەلئەنزی” گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا کرێکارەکانی دی بەرەو شارۆچکەکە هەڵاتوون.

ئەو سەرچاوەیە پێیوابوو کە ئەندامانی لیوای فاتمیونی لایەنگری ئێران لە پشت هێرشەکەوە بن، چونکە پێگەی سەربازییان لە نزیک شوێنەکەی هەبووە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان