سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری دوبەی, لەگەڵ شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەێنراوێکی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ حەمدان بن محەمەد بن ڕاشد جێنشینی دوبەی و مەکتووم بن محەمەد بن ڕاشد جێگری یەکەمی حاکمی دوبەی و ژمارەیەکی دیکەی لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کراوە.
هەر لە راگەێنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد .
لای خۆیەوە شێخ محەمەد بن راشدیش، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی نیشانداوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕیووە.