“هەسەدە” هەوڵی دزەکردنی گروپێکی سەر بە “رژێمی سوریا” بۆ رۆژهەڵاتی دێرەزوور شتكست پێدێنێت

دێرەزوور – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ چوارشەممە، شکست پێهێنانی هەوڵی دزەکردنی گروپێکی سەر بە “ڕژێمی سوریا”ی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند.

دووشەممەی ڕابردوو، سەرچاوە خۆجێییەكان لە دێرەزوور ڕایانگەیاند، پێکدادانێکی توند لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و ئەو گرووپانە روویداوە كە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات ، پێكدادانەكانیش نزیکەی ڕۆژێک بەردەوام بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە هێزەكانیان هەوڵێکی دزەکردنیان لەلایەن کۆمەڵێک بەکرێگیراوەوە پووچەڵکردەوە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی سوریاوە پاڵپشتی دەکران بەرەو شارۆچکەکانی زیبان، کشمە و شەعفە لەودیو رووباری فوراتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە زیانەکانی ئەو گرووپە هێرشبەرە نەکراوە، لە کاتێکدا پێگە ئەلیكترۆنییەكان باسی کوژرانی حەوت ئەندامی هێزەکانی حکومەتیان كردووە.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان