تورکیا رێگری دەکات لە رۆشتنی نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە باکووری سووریاوە بۆ ناو خاکەکەی
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگرییان کرد لە تێپەرینی نەخۆشەکانی شێرپەنجە بۆ ناو خاکەکەی، لە رێگەی دەروازەکانی باکووری رۆژئاوای سووریاوە، کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و ژەمە دەرمان بۆ نەخۆشییەکەیان پێشتر سەردانی نەخۆشخانەکانی تورکیایان دەکرد.
کارگێڕێکی دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکووری ئیدلب بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ” ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگربوون لە وەرگرتنی توشبووانی شێرپەنجە لە دەروازەکانەوە، کە باری تەندروستییان ناجێگیرە، بەبێ ئەوەی وادەیەکی دیاریکراو بۆ چوونە ژوورەوەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر بخەنەڕوو، بەو پێیەی تورکیا لایەنی دەسەڵاتدارە لەو ناوچانەی باکووری رۆژئاوای سووریا”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، 29 نەخۆش رێگرییان لێکراوە بۆ بچنە ژوورەوە، کە حەوتیان منداڵن.
هەروەها سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە دەروازەی باب ئەلسەلامە رایگەیاند، “دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگرییان لە تێپەڕبوونی 19 توشبووی شێرپەنجە کردووە، کە چواریان منداڵ بوون، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک و پاساوێکیان بخەنەڕوو”.
روونیشیکردەوە، قەدەغەکردنەکە لەپڕ و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کارمەندانی دەروازەکانی باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە هات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر رێگەیان بە رۆشتنی ئەو نەخۆشانە داوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە دەروازەکانی باب الهاوە و باب ئەلسەلامە رێگەپێدراوبوون، 370 حاڵەت زیاتر بوون، کە هەموو مانگێک بۆ چارەسەری شێرپەنجە رێگەیان پێدەدرا بچن بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا.