مەسرور بارزانی لە گەڵ ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ ئەحمەد ئەبوغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبوویەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک وێنەی دیدارەکەیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، کە “بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی کوردستانمان تاووتوێ کرد”.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە سوپاسی هەڵوێستیی کۆمکاری عەرەبی کردووە، لە سەرکۆنەکردنی هێرشی مووشەکی ئەم دواییەدا بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی راگەێنراوەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد و سڵاو و رێز و پێزانینی خۆی بۆ پێگەی گرنگ و خەبات و تێکۆشانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەربڕی”.
هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چەند کەسێکی دیکە یاوەری شاندەکەی سەرۆکی حکومەت بوو، جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کردووەتەوە.