بەرزبوونەوەی نرخی تۆوی “زیرە” لە کۆبانێ بۆ سێ هێندە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

نرخی تۆوی زیرە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان سێ هێندە زیادی کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی خواستی جوتیاران لەسەر ئەو تۆوە زیادی کرد و زۆربەی بەرهەمی وەرزی رابردووش هەناردە کران.

مەحمود حاجی کەریم، بازرگانێکی بەروبومی کشتوکاڵی لە کۆبانی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بازرگانان لە وەرزی رابردووی کشتوکاڵیدا بەروبومی زیرەی (پاک)یان بە نرخی چوار دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک لە جووتیاران کڕیوە.

گوتیشی، بەرهەمی وەرزی رابردوو “بە بەراورد لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی جووتیاران باش بووە، بەرهەمی ناوچەی کۆبانێ لە نێوان 200 بۆ 250 تۆن زیرەدا بووە”.

حاجی کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، نرخەکەی وردە وردە بەرزبووەتەوە و لەئێستادا نرخەکەی گەیشتووەتە 11 دۆلار.

بە گوتەی ئەو بازرگانەی بەروبوومە کشتوکاڵییە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فرۆشتنی زۆربەی ئەو بەرهەمانە بە ناوچەکانی جەزیرە و دەرەوەی ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی، هەروەها بۆ خواستی جووتیاران بۆ چاندنی زیرە لەم وەرزەدا، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەڕێوبەرێتییەکە رەتیکردووەتەوە بەرهەمی جۆیان لێ بکڕێت.

حاجی کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا نرخەکەی کەمێک دابەزیوە، دوای هاوردەکردنی بڕێکی زۆر زیرەی هیندی و میسری لە ناوخۆی سووریاوە، پێشبینیش دەکات جووتیارانی ناوچەکە تا سەرەتای مانگی ئازاری داهاتوو بەردەوام بن لە چاندنی زیرە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: عەگید مشمش