چالاکییەکانی “داعش” لە دێرەزوور زیادیانکردووە و هێرشەکان بۆ سەر “هەسەدە” بەردەوامن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی رابردوو، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، هاوکات “داعش” بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرشی دژ بە “هەسەدە” راگەیاند.
تەوژمی هێرشەکان بۆ بەئامانجکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور پەرەیان سەندووە، لەلایەن ئەو چەکدارانەی، کە بە گوتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەر بە رژێمی سووریان، داعشیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ژمارەیەکی زۆر لەو هێرشانە راگەیاندووە، کە دەکرێنە سەر کارمەندانی سەربازی و بارەگاکانیان.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان، هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکیان لە کەناری رووباری فورات لە شاری هەجین له گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دوو خاڵ لە کەناری فورات لە شارۆچکەی سوەیدان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کەوتوونەتە بەر هێرش، لە ئەنجامدا پێکدادانێکی پچڕپچڕ لەنێوان هێرشبەران و چەکدارانی “هەسەدە” روویداوە، “چەکدارە نەناسراوەکان ناچارکراون کە بکشینەوە”.
هاوکات، دوێنێ یەکشەممە، داعش لەڕێگەی ناسێنەرە ئەلیکترۆنیەکانی نزیکەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرشی دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیاند، کە یەکەمیان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بووە، لە نزیک شارۆچکەی ئەبریحە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە لە ئەنجامدا چەند شەڕڤانێکی “هەسەدە” کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بریندار بوون.
ئەو ناسێنەرانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە چەکی رەشاش ئۆتۆمبێلێکی دیکەی “هەسەدە”یان لە شارۆچکەی زیبان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سەرکردەیەک و ئەندامێکی دیکەیان گیان لەدەست دەدەن.
لە راگەێنراوی سێیەمدا، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەندامانی رێکخراوەکە بە دەمانچە تەقەیان لە سەرکردەیەکی “هەسەدە” کردووە لە شارۆچکەی ئەلحەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ئەمەش “بووەتە هۆی دەستبەجێ مردنی”، بە گوێرەی راگەێنراوەکە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو هێرش و بەئامانجکردنانەی “داعش” نەداوە.