“هەسەدە” شەهیدبوونی 6 شەڕڤانی لە دێرەزوور و مەنبیج راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) شەهیدبوونی 5 شەڕڤانیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە دەستی گروپێکی چەکداری سەر بە “رژێمی سووریا” و شەڕڤانێکی دیکەشیان لە مەنیج بە دەستی هێزەکانی تورکیا، راگەیاند.
پێشتر سەرکردەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، رۆژی هەینی پێنج چەکدار لە هێزەکانیان شەهیدبوون و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێن بوو، ئەوەش بەهۆی هێرشێکەوە، کە لەلایەن گروپێکی سەر بە رژێمی سووریاوە ئەنجامدراوە، کە دزەیان کردووەتە ناو یەکێک لە بارەگاکانیانەوە.
“هەسەدە” لە راگەێنراوێکدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “لە هێرشێکی خیانەتکارانە و ترسنۆکانەدا لەلایەن بەکرێگیراوانی رژێمیسە سووریاوە بۆ سەر گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، پێنج لە شەڕڤانەکانمان شەهیدبوون”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، یەکێک لە شەڕڤانەکانیان لە مەنبیج، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشی تورکیادا بۆ سەر هێزەکانیان، شەهید بووە.
“هەسەدە” بەڵێنیدا کە “ئەم هێرشانەی رژێمی سووریا بە ناوی فریودەرەوە ئەنجامیان دەدات، وەڵامیان دەدرێتەوە و ئەنجامدەرەکانیان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، “هەسەدە” سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم خانەوادەی ئەو شەڕڤانانە کرد کە گیانیان لەدەستداوە، بەڵێنیدا تۆڵەیان لێبکاتەوە.