وەزیری دەرەوەی سوریا: كشانه‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سوریا كارێكه‌ و دێته‌دی

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا رایده‌گه‌یه‌نێت، بوونی سەربازی نایاسایی ئەمریکا و تورکیا لە ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەرچوونیان لە خاکی سوریا كارێكه‌ و ده‌بێت بێته‌دی.

میقداد ئه‌م قسانه‌ی له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا هات  له‌گه‌ڵ حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییه‌که‌ی له دیمه‌شق. جەختی لەوەش کردەوە ڕۆشتنی ئەو هێزانەی تورکیا و ئەمەریکا کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە گەلی سوریا ئەنجام دەدەن و سامانەکەیان تاڵان دەکەن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رووده‌دات.

تورکیا زۆرجار هێرش دەکاتە سەر ناوچە بەرفراوانەکانی رۆژئاوای كوردستان و ژێرخانی و پڕۆژه‌ گرنگەکان دەکاتە ئامانج، كه‌ كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان به‌جێهێشتووه‌.

هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا چەند ساڵێکە له‌ رۆژئاوای كوردستانن بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) .

مۆنتاژ: سەعد یازیچی