هیومان ڕایتس وۆچ: به‌ئامانجگرتنی ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ تاوانی جەنگه‌

قامشلۆ – نۆرس پرێس

هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند به‌ئامانجگرتنی ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن تورکیاوە تاوانی جەنگه‌، هەروەها داوای لە ئەنقەرە کرد دەستبەجێ ئه‌و هێرشانه‌ رابگرێت كه هاوڵاتییان و‌ ژێرخانه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌كاته‌ ئامانج، و ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت و لێپرسینەوە له‌گه‌ل ئه‌و کەسانە بكرێت کە بەرپرسیارن لەو پێشێلكارییانه‌.

لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی رۆژئاوای كوردستان، به‌هۆیه‌وه‌ قەیرانی مرۆیی لە ناوچەکەدا دروستکرد.

دوێنێ هەینی ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، “لەکاتێکدا سەرنجی جیهانی لەسەر ململانێیه‌كانی غەززەیه‌، قەیرانێکی دیکە لە رۆژئاوای كوردستان دوور له‌ چاوی خه‌ڵك دروست بووه‌، ، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هاوڵاتیان ژێرخانەی ئه‌و ناوچه‌یه‌، بژێوی ژیانی خستۆته‌ مەترسییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی تورکیا وێستگەکانی کارەبای ئاو و دامەزراوە نەوتییەکان و تاكه‌ وێستگەی غازی ناوچه‌كه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی وێرانكردووه‌.

هیومان ڕایتس وۆچ ، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە چارەسەری ئەو قەیرانە بکەن کە دانیشتوانی ناوچەکە روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ململانێکانی دیکە مانشێتی سه‌ره‌كی هه‌واڵه‌كانن.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە