وەزارەتی بەرگری سوریا خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕۆژئاوای دیمەشق رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری سوریا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند لە ڕێگەی هێزی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکەیەوە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەخت خستووەتە خوارەوە.

ئیسرائیل ناوبەناوە پێگەكانی سەر بە ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی لە گوندەواری دیمەشق دەکاتە ئامانج.

لەمبارەیەوە دەزگای سانای سەر بە حکوومەتی سووریا بڵاویکردەوە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستە خوارەوە کە لە ئاراستەی جۆلانی سوریاوە هەڵدرابوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەورەبەری کاتژمێر 2:10  ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاراستەی جۆلانی سوریاوە ئاسمانی سوریایان پێشێلکردووە و هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ڕۆژئاوای دیمەشق خستوویانەتە خوارەوە.

داڕشتنەوەی: سەعد یازیچی