هەولێر – نۆرس پرێس
سبەینێ شهممه، پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکاوە کۆدەبێتەوە کە لە ماوەی رابردوودا کراونەتە سەر کەس و “گروپەکانی سەر بە ئێران” لەو وڵاتە.
پەرلەمانی عێراق نوسراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سبەینێ شەممە 10ی شوباتی 2024، لەبارەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر خاکی عێراق کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەکەش راوێژکاریی دەبێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆبوونەوەکە کاتژمێر پێنجی ئێوارە ئەنجامدەدرێت و تیایدا تاوتوێی پێشیلکارییەکانی سەر خاکی عێراق دەکرێت.
شەوی 7ی ئەم مانگە بە درۆن هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو سەرکردەی باڵای شیعەی عێراقی تیادا کوژرا، هێزەکانی ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرەشە راگەیاند و گوتیان ئەمەیان لە تۆڵەی هێرشەکەی ئوردوندا ئەنجامداوە، ئەمەش بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تۆڵە سەندنەوە، کە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی هەڵدەستێت.
هەفتەی رابردووش ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر گروپە چەکدارە “لەیاسا دەرچووەکان” لە عێراق و سووریا و یەمەن.