تەحریرشام دەستدرێژی دەکاتە سەر خۆپیشاندانێکی ژنان لە ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) دەستدرێژی کردە سەر خۆپیشاندانێکی ژنان لە ناوەندی شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا و بە زۆر بڵاوەیاوە بەخۆپیشاندانەکە کرد.
لە رۆژی چوارشەممەوە، چەندین گوند و شارۆچکەی سەر بە ئیدلب، خۆپیشاندانی جەماوەری دژ بە دەستەی تەحریر شامی سەر بە تورکیا بەخۆوە دەبینێت، کە داوای کۆتاییهێنان بە گرتنی هەڕەمەکییانەی هاووڵاتیان دەکەن لە لایەن ئەو گرووپەوە، هەروەها داوای دەستلەکار کێشانەوە سەرکردەکەیان “ئەبو محەمەد جۆلانی”دەکەن.
شایەتحاڵان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “سێ ئۆتۆمبێلی سەر بە دەزگای ئەمنی تەحریرشام، کە دەیان ئەندامیان تێدابوو، هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندانێک، کە دەیان ژن لە گۆڕەپانی ئەلساعە رێکیانخستبوو، لە ناوەندی شاری ئیدلب و هەوڵیانداوە بە زۆر بڵاوەیان پێبکەن”.
شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ژنە ناڕازییانە، سیاسەت و کردەوەکانی تەحریرشامیان سەرکۆنە کردووە و داوای ئازادکردنی دەیان دەستگیرکراویان کردووە، هەروەها داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی گروپەکە، “ئەبو محەمەد جۆلانی”یان کردووە.
پەیامنێری نۆرس پرێس لە ئیدلب رایگەیاند، دەزگای ئەمنی سەر بە دەستەکە توانیویانە بە زۆر بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە بکەن و دەستدرێژی بکەنە سەر بەشێک لە ژنە خۆپیشاندەرەکان و فۆتۆگرافەرەکان، هەروەها بەشێک لەو ژنانەشیان دەستگیرکردووە.