داعش دەڵێ سێ هێرشیان لە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی ئەنجامداوە

دێرەزوور– نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، ناسێنەرانی نزیک لە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) رایانگەیاند کە چەکدارانی رێکخراوەکە سێ هێرشیان لە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەری ئەنجامداوە کە دوو هێرشیان لە دێرەزوور لە و یەکێکیان لە حەسەکە بووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە داعش هێرشەکانی لە سووریا چڕتر کردووەتەوە، کە تیایدا هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی دەکاتە ئامانج.

دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، دوو بەیاننامەی جیاوازی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، چەکدارەکانیان دوو هێرشیان لە دێرەزوور ئەنجامداوە، یەکێک لەو هێرشانە بۆ سەر ناوەندێکی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاڤا بووە لە شارۆچکەی گرانیچ، کە ئەندامانی رێکخراوەکە بە چەکی رەشاش سەرکردەیەکیان تیرۆر کرد و ئەندامێکی ئاسایشیش بریندار بوو.

لە هێرشی دووەمدا، چەکدارانی داعش ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی پاراستنی گەلیان لە شارۆچکەی موحەیمیدە لە رۆژئاوای دێرەزوور کردە ئامانج و ژمارەیەک لە ئەندامەکانی برینداربوون، بەپێی بەیاننامەکەی “ئەعماق”.

لە بەیاننامەی سێیەمدا کە لەلایەن هەمان ئاژانسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە ئەندامێکی “هەسەدە”یان لە گەڕەکی ئەلموفتی لە شاری حەسەکە کردووەتە ئامانج و ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان