چەند ئاڵنگارییەک روبەڕووی لیژنەی بێسەروشوێن بووانی بەڕێوبەریی خۆسەریی دەبێتەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندیدار بە بێسەروشوێنبووان لە رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند کە رووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک دروستکردنی داتابەیس و دەستڕاگەیشتن بە ناوچەکانی تری کۆنترۆڵکردن دەبنەوە، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە راگەیاندنی پێکهێنانی لیژنە پەیوەندیدارەکە بە گەڕان بەدوای هەزاران کەسی بێسەروشوێندا.
دوێنێ چوارشەممە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەریی خۆسەریی رایگەیاند، لیژنەکە کە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا راگەیەندرا، رۆژی شەممەی داهاتوو دەست بە کارەکانی دەکات، ئەمەش نزیکەی دوو مانگ دوای ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەندکردنی رەشنووسی بڕیارنامەیەکیان بۆ دامەزراندنی فەرمانگەیەک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبوان و بێسەروشوێنکراون لە سووریا راگەیاند.
پارێزەر خالید عومەر، گوتەبێژی لیژنەی پەیوەندیدار بە کەسانی بێسەروشوێن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کاتێک دەست بە کارەکانیان دەکەن لە سووریا، هەروەها لیژنەکەیان دەسەڵاتی کارامەیە لە ناوچەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی، کە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەر لایەنێکی تردا دەکات، جا دامەزراوە حکومییەکان بێت یان ناحکومی، ناوخۆیی، ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.
ئاماژەیان بەوەشکرد، هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی تایبەت دەکەن، سەبارەت بە کەسانی بێسەروشوێن لە زیندانەکان و دەستبەسەرکراوان لە لایەن “رژێمی سووریاوە”.
سەبارەت بەو سەدان کەسەی کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، عومەر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەکەن، کە ئەندامانی داعشیان دەستبەسەر کردووە، بۆ بەدواداچوون بۆ هەر داتا و زانیارییەک چارەنووسی بێسەروشوێنەکان ئاشکرا بکات کەوا لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون.
سەبارەت بەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی لە کاتی دەرکردنی داعش لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە، گوتەبێژی لیژنەکە رایگەیاند، هاوکار دەبن لەگەڵ دامەزراوە تایبەتمەندەکان لە پزیشکی دادوەری، بەو هیوایەی تاقیگەی تایبەتمەند بە پشکنینی دی ئێن ئەی و پشکنینی تەرمەکان ئەنجام بدەن.
عومەر دووپاتی کردەوە، لە ئێستادا لیژنەکە لە پرۆسەی تەواوکردنی داتابەیسێکدایە وەک قۆناغی یەکەم، جەختیشی کردەوە کە “دۆسیەی ونبووەکان دۆسیەیەکی ئاڵۆزە و رەنگە کارکردن لەسەری ماوەیەکی زۆری بخایەنێت”.