پادشای ئوردن سەردانی ئەمریکا و کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی ئوردنی “پێترا” رایگەیاند، عەبدوڵڵا بن حوسێن پادشای ئوردن، ئەمڕۆ بۆ ئەمریکا بەڕێکەوتووە، لەوێشەوە سەردانی کەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات، بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست لە غەززە.
دوێنێ چوارشەممە، میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رازی بووە بە ئاگربەست لە غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو نێوەندگیرانە، کە پێشتر رەزامەندی حەماسیان لەسەر ئەو پێشنیارە وەرگرتووە، کە لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت.
ئامانجی گەشتەکە دەستەبەرکردنی پاراستنی خەڵکی سڤیل و پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ کەرتی غەززە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دۆزینەوەی ئاسۆیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە، کە کۆتایی بە ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل بهێنێت، بە گوتەی پێترا.
شای ئوردن لە واشنتۆن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی ئیدارەی ئەمریکا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێس کۆدەبێتەوە، هاوکات لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا لەگەڵ جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کۆدەبێتەوە.
لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، هاوکات لە سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا بەشداری شەستەمین دانیشتنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات، لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای رۆژئاوا و ئەوروپا کۆدەبێتەوە.