ئاسایشی رۆژئاڤا دەستگیرکردنی شانەیەکی تیرۆریستییان لە رەققە راگەیاند

رەققە– نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) دەستگیرکردنی شانەیەکی “تیرۆریستی”یان راگەیاند، کە لە چوار کەس پێکهاتبوون، ئەو شانەیە دوو رۆژ لەمەوبەر یەکێک لە ئەندامانی ئاسایشیان لە بازگەیەکدا لە کاتی ئەرکی پاسەوانیدا تیرۆر کرد، لە شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، “عەبدولسەمەد ئەلحەموود”، ئەندامی ئاسایشی رۆژئاڤا، بەهۆی تەقەی چەکدارانی نەناسراوەوە، کە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە بازگەی “ئەلمەقبەرە” لە نزیک تەل ئەلبەیعە، لە رۆژهەڵاتی شاری رەققە شەهید کرا.

ئاسایش لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەرفراوان، دوای چەند کاتژمێرێک لە بەئامانجکردنەکە، شوێنی حەشاردانی ئەندامانی شانەکەیان دۆزیوەتەوە و توانیویانە ئەندامانی شانەکە دەستگیربکەن، کە ژمارەیان چوار کەس بووە.

خاڵەکانی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چەند چەکدارانی نەناسراوەوە دەکرێنە ئامانج، ئەمڕۆ سەرکردەیەکی ناوەندی گرانیچ، بە تەقەی چەکدارانی نەناسراوە شەهید کرا و ئەندامێکی دیکەش بریندار بوو.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایا شانەکە سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ن یان نا، بەڵکو تەنها ئەوە خراوەتەڕوو کە شانەکە “تیرۆریستی”ن و ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.

داڕشتنەوەی: عەگید مشمش