دێرەزوور.. سەرکردەیەکی ئاسایشی رۆژئاڤا لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تیرۆر کرا

دێرەزوور– نۆرس پرێس

لە هێرشی دوو چەکداری نەناسراودا بۆ سەر بارەگایەکی ئاسایش لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، سەرکردەیەکی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان شەهید بوو و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شارۆچکەی غرانیچ لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و تەقەیان لە سەرکردەیەک و ئەندامێکی ناو ناوەندەکە کردووە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، هێرشبەرەکان دوای تەقەکردنەکە هەڵاتوون، هاوکات سەرکردەکەی ئاسایش و ئەندامەکەی دیکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی هەجین، بەگوتەی پزیشکێکی نەخۆشخانەکە، سەرکردەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئەندامەکە چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی “ناجێگیر”ە.

بەپێی سەرچاوەکە، ئەو سەرکردەیە ناوی “ئەبو عەلی ئەلفالیتی”یە، کە بەڕێوەبەری ناوەندی “ئاسایشی”ی گرانیچ بووە، هەروەها بەرپرسی بازگەکانی ناوچەی دێرەزوور بوو، لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – مۆنتاژ: ئەحمەد عوسمان