رێکخراوێکی ناوخۆیی جۆرە مینێکی ترسناک لە گوندەواری حەسەکە هەڵدەگرێتەوە
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەری رێکخراوی “رۆژ” لە رۆژئاوای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مین و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانیانی، رایگەیاند، دوێنێ لە گوندەواری حەسەکە، جۆرە مینێکی “زۆر مەترسیدار” کە گازی خەردەلی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی تێدا بووە هەڵگرتووەتەوە.
رۆنی تیران، گوتی: “راپۆرتێکیان پێگەیشتووە لەبارەی بوونی مین لە باشووری شارۆچکەی مەرکەدە لە گوندەواری شەدادی لە حەسەکە و دوای ئەوەی چوونەتە شوێنی مەبەست و پشکنینیان بۆ کردووە لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕەوە، دەرکەوتووە کە مینی کیمیایی زۆر مەترسیدارن کە گازی خەردەلیان تێدایە.
خەردەل، جۆرە گازێکی شلە کە هەڵمێکی مەترسیدار دەرئەکات و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر جەستەی مرۆڤ و ئەندامە گرنگەکان، لە ڕێگەی هەناسەدان یان بەرکەوتن بە پێستەوە دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی سووتانی پێست و برینی قوڵی پێست و وەرەمی شێرپەنجەیی درێژخایەن.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، خەردەل بە ماددەیەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی دادەنرێت، گوتیشی: “پێشتر تیمەکانی هەڵگرتنەوە لە لایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە راهێنانی بەرفراوانیان وەرگرتووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە مینانە، بەو پێیەی پێویستیان بە رێکاری ورد هەیە”.