کوژران و برینداربوونی 20 کەس بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیلەوە لە ناوەندی سووریا

دیمەشق– نۆرس پرێس

بەڕێوەبەری تەندروستی حومس بە رۆژنامەی نیمچە فەرمیی ئەلوەتەنی راگەیاند، بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شاری حومس و گوندەوارەکەی، لە ناوەندی سووریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7 کەس کوژراون و 13ی دیکەش برینداربوون.

بەرپرسێکی ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ئامانجەکانی سوپای سووریا و بنکەیەکی ئاسمانییان لە حومس بۆردومان کردووە.

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکان لە پارێزگای حۆمس رایگەیاند، بەهۆی “دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە” گەراجی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی وێران بووە و لە خزمەتگوزاری دەرچووە.

میدیای فەرمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردەوە، “دەستدرێژیەکانی” ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل و هەندێک زیانی ماڵیش بەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی کەوتوون.

وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، بەرگری ئاسمانی ژمارەیەک مووشەکیان خستۆتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ئەو ئامانجانە بخەنە ڕوو.

لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی هەواڵگری سەربازی سووریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هێرشەکە بنکەی ئاسمانی شعیرات و چەند شوێنێکی لە چواردەووری حومس کردووەتە ئامانج.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە