بۆردوومانکردنی کێڵگەیەکی پەلەوەری لە لایەن تورکیاوە لە کۆبانێ زیانی هەزارەها دۆلار دەگەێنێت

کۆبانێ– نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کێڵگەیەکی پەلەوەری لە گوندەواری کۆبانێ، رۆژئاوای کوردستان، زیانەکەی بە نزیکەی 40 هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

مانگی رابردوو فڕۆکەکانی تورکیا وێستەگەکانی کارەبا و کێڵگە و ناوەندێکی دابەشکردنی تۆویان لە هەمان شار و گوندەوارەکەی بۆردومانکرد، جگە لە دەیان شوێنی دیکە لە رۆژائوای کوردستان ، کە زۆربەیان ژێرخانی و خزمەتگوزاری و دامەزراوە نەوتییەکان بوون.

ئیاد ئەلکدرو، خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بۆردومانەکە بەر موڵکەکەی ئەو کەوتووە، کە دەکەوێتە بەرامبەر گوندی ناسرۆ لە باشووری کۆبانێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بۆردومانەکەوە زیان بە باڵەخانە و کەرەستەی پەلەوەر گەشتووە و زۆربەی مریشکەکانی لەناوچوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەلکدرو، پێش بۆردومانەکە نزیکەی 7500 مریشکی تەمەن 33 رۆژ لە کێڵگەی پەلەوەریەکەدا هەبووە.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان