لە پێکدادانێکدا لە گەڵ قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری سووریا سەربازێکی ئوردن بریندار بوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئوردن رایگەیاند، لە پێکدادانێکدا، کە تیایدا هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە خاکی سووریاوە پووچەڵکرایەوە، یەکێک لە سەربازەکانیان بریندار بوو، لە نێو ریزی قاچاخچییەکانیشدا کوژراو و بریندار هەبوون.

بەشێوەیەکی بەردەوام سنووری نێوان سووریا و ئوردن شەڕ و پێکدادانن پۆلیسی سنوور و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەخۆوەدەبینێت، لەکاتێکدا سوپای ئوردن بەرەنگاری قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە، کە دێنە ناو خاکەکەیەوە، ئوردنیش گروپە دڵسۆزەکان بۆ ئێران تۆمەتبار دەکات بە هێنانە ناوەوەی ماددە هۆشبەرەکان و دروستکردنی “مەترسی ناوچەیی” بۆ سەر شانشینی ئوردن.

سوپای ئوردن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەوڵێکی دزەکردن و بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان کە لە خاکی سووریاوە هاتبوو، پووچەڵکرایەوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ قاچاخچی کوژراون و کەسانی دیکەش برینداربوون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکە، له کاتی پێکدادان له گەڵ قاچاخچەکاندا یەکێک لە پاسەوانەکانی سنوور بریندار بووە و باری تەندروستی ناجێگیره .

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان