بۆردومانێکی تورکیا دەبێتەهۆی بڕینی کارەبای دانیشتووانی باکووری حەسەکە

تل تەمر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، بۆردومانی تۆپخانەکانی هێزەکانی تورکیا، بووە هۆی ئەوەی وێستگەی کارەبای شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە لە کار بکەوێت.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، تۆپبارانی قورسی هێزەکانی تورکیا “گەڕەکی حەمرە لە شارۆچکەی تل تەمر و دەوروبەری وێستگەی کارەبا و گوندەکانی ئوم ئەلکیف، ئەلئەبوش، تل تەویل و ئەل- تەویلە” یان لە گوندەواری شارۆچکەکە، کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

فەهد سەمعیلە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی کارەبا لە تل تەمر بە نۆرس پرێسی راگەیاند “بۆردومانەکەی تورکیا بووە هۆی پچڕانی کێبڵەکانی هێڵی 66 کەی ڤی کە تەزوویان بە وێستگەی کارەبا دەدا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبا لە شارۆچکەکەدا”.

دوا بەدوای لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە ئۆکتۆبەری 2019، تا ئێستا بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی گوندەواری باکووری حەسەکە، 28 جار بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبای شارۆچکەی تل تەمر.