حەماس رەزامەندی بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دەردەبڕێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بزوتنەوەی حەماس رەزامەندی خۆی بۆ ڕێککەوتنێک دەربڕی کە میسر و قەتەر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی تەواو لە کەرتی غەززە دایانڕشتووە، هاوکات بە نێوبژیوانی ئەمەریکا، قەتەر و میسر هەڵمەتێکی دیپلۆماسی بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەکە سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە ئامادە دەکەن .

دوێنێ، حەماس وەڵامی خۆی نارد سەبارەت بە پلانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، کە زیاتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی میسر و قەتەر پێشکەشکرا بوو.

لەمبارەیەوە غازی حەمەد، سەرکردە بزوتنەوەی حەماس، باسی لەوە کردووە دەیانەوێت زۆرترین ژمارەی زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی خستووەتەڕوو زۆرێک لە بابەتەکانی ناو ڕێککەوتنەكە ڕوون نەبوون، بۆیە کاتێکی زۆری پێچوو تا وەڵام بدەنەوە.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە ڕۆحێکی ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پێشنیازەدا کردووە، کە ئاگربەستێکی هەمەلایەنەی و تەواو مسۆگەر دەكات لەوانە دەستەبەرکردنی فریاگوزاری، پەناگە، ئاوەدانکردنەوە، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و تەواوکردنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

سەرچاوە نزیکەکان لە دانوستانەکان بۆ ڕۆیتەرز ئاشکرایان کردووە ئاگربەستەکە لانیکەم 40 ڕۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس خەڵکی سڤیل لە نێو بارمتەکاندا ئازاد دەکەن کە تا ئێستاش لە غەززە دەستبەسەرن و دواتر لە دوو قۆناغی دواتردا سەرباز و تەرمەکان ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێنەوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی فەلەستینییە دەستبەسەرکراوەکان لە زیندانەکاندا.

ئاگربەستەکە دەبێتە هۆی گەیشتنی زیاتری خۆراک و هاوکارییەکانی دیکە بۆ خەڵکی سڤیل لە غەززە کە ڕووبەڕووی برسێتی و کەمیی توندی پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونەتەوە.

لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە گەشتێکدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، کاتێک ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی ئیسرائیل دەکات، وەڵامی حەماس لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکات.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان