دیمەشق – نۆرس پرێس
کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی خۆی لە دژی پڕۆژە یاسایەک کە کۆماریخوازەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری دەکەن بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت.
دوێنێ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، کە ئیدارەی ئەمەریکا چەند مانگێک سەرقاڵی کارکردن بووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی کە ئاسایشی سنوورەکان مسۆگەر بکات، لەگەڵ پاڵپشتیی کردنی گەلانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل، هاوکات هاوکاری مرۆیی زۆر پێویست پێشکەش بەو هاووڵاتییە سڤیلانە کردووە کە بەهۆی ململانێکانەوە لە سەرانسەری جیهان زیانیان بەرکەوتووە .
ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئیدارەی ئەمریکا بە توندی هانی ئەنجومەنی کۆنگرێس دەدات ئەم فێڵە سیاسییە رەتبکەنەوە و لەبری ئەوە یاسای دوولایەنەی تەرخانکردنی تەواوکەری فریاگوزاری ئاسایشی نیشتمانی بنێرن بۆ سەر مێزی سەرۆک”.
لە میانی بەیاننامەکەدا، کۆشکی سپی ڕەشنووسی یاساکەی بە مانۆڕێکی دیکەی سیاسی زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ئیسرائیل “دەبێت پیرۆز بێت، نەک گەمەیەکی سیاسی”، رەشنووسی یاساکەشی بە “فێڵێک کە هیچ کارێک ناکات بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و یارمەتی ئۆکرانیا نادات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات”.