لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پوتیندا بۆ تورکیا دۆسیەی ئابووری تاوتوێ دەکرێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسانی رووسیا و تورکیا باسیان لە دۆسەیە ئابوورییە گرنگەکان کرد کە چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانێکی چاوەڕوانکراوی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیادا بۆ تورکیا لە هەفتەی داهاتوودا تاوتوێ بکرێن.
هەفتەی رابردوو بەرپرسێکی تورکیا رایگەیاندبوو، سەرۆکی رووسیا لە 12ی شوباتدا سەردانی تورکیا دەکات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسییەکەی، لە سەردانەکەی داهاتوودا باس لە شەڕی ئۆکرانیا و هەناردەی دانەوێڵەی دەریای رەش دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لەگەڵ ئۆکرانیا و رووسیا کاردەکات بۆ زیندووکردنەوەی دەستپێشخەرییەکە، کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنقەرە رێگەدان بە هەناردەکردنی سەلامەتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی بەندەرەکانی دەریای رەشەوە، دوای ئەوەی مۆسکۆ لە مانگی تەمموزی 2023 لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بە نیازە لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا سەبارەت بە دامەزراندنی کارگەیەکی غاز تاوتوێ بکات.