لە یاری پێش كۆتایی جامی ئاسیا، ئوردن رووبەڕووی كۆریای باشوور دەبێتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ كاتژمێر 6:00 لە یاری پێش كۆتایی جامی ئاسیا هەردوو هەڵبژاردەی ئوردن و كۆریای باشوور رووبەڕووی یەك دەبنەوە.

گەیشتنی ئوردن بەم قۆناغە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەڵبژاردەكە، چونكە یەكەم جارە لە مێژووی جامی ئاسیا بگاتە ئەم قۆناغە.

حوسێن عەموتە ڕاهێنەری ئوردن، جەختی لە سەختی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆریای باشوور کردەوە و وتی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور ڕکابەرێکی سەختە و توانای تەکنیکی و جەستەیی گەورەی هەیە، بەڵام ئێمە كار بۆ سەركەوتن دەكەین و پێویستە خۆمان بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادە بکەین.

لای خۆیەوە یۆرگن کلینسمانی ئەڵمانی، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کۆریای باشوور یارییەكەی بەرامبەر بە ئوردن بە قورس وەسف کرد.

کلینسمان لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی: من سەیری ئێستا و داهاتوو دەکەم، هەست بە بەختێکی زۆر دەکەم كە ڕاهێنەری هەڵبژاردەیەكی نایابم. راشیگەیاند: هەوڵدەدەم هەموو زانیاری و ئەزموونی خۆم پێشكەش بە هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بكەم، دوای دوورکەوتنەوەیەکی زۆر ئاواتەخوازم نازناوەکە بەدەست بهێنم.

براوەی ئەم یارییەش رووبەڕووی براوەی یاری نێوان ئێران و قەتەر دەبێتەوە.