ئەنجومەنی ئاسایش لە سەر دۆخی عێراق راگەێندراوێکی بڵاوکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، راگەیەندراوێکی لەبارەی روداو و توندوتیژییەکانی چەند رۆژی رابردوی عێراق بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوە،”ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش سەرکۆنەی ئەو توندوتیژیانە دەکەن کە لە 29  و 30 ی (ئاب/8) لە عێراق رویاندا، جێگەی نیگەرانییە کە کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە، ئاگاداری هەوڵەکانی حکومەتن بۆ پاراستنی سیستەمی حوکم”.

هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی ئاسایش، تێبینی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیشی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پێشوازیش لە لێدوانی لایەنەکان دەکات بۆ ئەوەی هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و بەدووربن لە تووندوتیژی.

داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بەشێوەیەکی ئاشتییانە جیاوازییە سیاسییەکانیان چارەسەر بکەن و رێز لە سەروەریی یاسا و مافی گردبوونەوە و دامودەزگا حکومییەکان بگرن و لە هەموو تووندوتیژییەک دووربکەونەوە.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، داوا لە لایەنەکان دەکات بەزووترین کات و بێ هیچ دواکەوتنێک بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە و ئاشتییانە بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی و دیاریکردنی نەخشەڕێگەیەک لەپێناو باشکردنی دۆخی عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژانی دوشەممە و سێشەممەی هەفتەی رابردو، عێراق بە گرژی و ئاڵۆزییەکی سەختدا تێپەڕی کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 30 کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندابون جگەلەوەی دەستبەسەر ژمارەیەک بارەگای حکومیدا گیرا، ئەمەش پاش ئەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، وازهێنانی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاند.