لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئاسایش و مرۆڤایەتی” یەکینەکانی پاراستنی ژنان کچە ئێزیدییەک لە کامپی هۆل ئازاد دەکەن
حەسەکە – نۆرس پرێس
لە ماوەی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی “ئاسایش و مرۆڤایەتی”دا لەلایەن هێزە هاوبەشەکانی (ئاسایشی ناوخۆ- یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هێزەکانی سوریای دیموکرات)دا، کە لە کامپی هۆل ئەنجامدرا بۆ پاککردنەوەی لە شانەکانە تیرۆریستییەکانی داعش؛ دوێنێ یەکشەممە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) توانیان کچێکی ئێزیدیی رفێندراو، بەناوی “کوفان عیدۆ خورتۆ” ئازاد بکەن.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە ماڵپەڕی خۆی رایگەیاند، کچە رفێندراوەکە، خەڵکی گوندی “هەردان”ی سەر بە “شەنگال”ە لە باشووری کوردستان، کە رێکخراوی “داعش” دە ساڵ لەمەوبەر رفاندبووی.
هەروەها ئەوەشیان راگەیاند کە دواتر وردەکارییەکانی ڕزگارکردن و ڕفاندنەکەی بڵاودەکەنەوە.
“داعش” لە مانگی ئابی 2014دا لە کاتی هێرشە دڕندانەیەکەی بۆ سەر شاری شنگال زیاتر لە پێنج هەزار ژنی ئێزیدی رفاندبوو و لە بازاڕەکانی کۆیلە لە سووریا و عێراق کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن.
تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات، توانیویانە سەدەها لەو ژن و کچە رفێنراوانە ئازاد بکەن، بەتایبەتی دوای ئازادکردنی شاری “باغۆز” لە چنگی داعش.