دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، “ڕژێمی سوریا” بە هۆکاری جۆراوجۆر ناتوانێت لەگەڵ تورکیا کۆببێتەوە، راشیگەیاند، کە هەر هەنگاوێکی مەرجدار لە لایەن ئەوانەوە “رێگایەکی هەڵەیە”.
مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بەسام ئەلسەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، دیمەشق بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر زەویەکانی بە “داگیرکاری و ئامادەبوونی نایاسایی” دەزانێت و پێی وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە “مەحاڵە” بەبێ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، “هەوڵی رژێمی سووریا بۆ هەنگاوێکی دیپلۆماسی بە دانانی مەرجی پێشوەختە بۆ تورکیا ڕێگەیەکی هەڵەیە”.
مانگی تەمموزی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئامادەیی خۆی بۆ دیداری بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دەربڕی و ڕەتیکردەوە هێزەکانی لە باکووری سووریا بکشێنێتەوە.
فیدان گوتی: رژێمی سووریا تا ئێستاش بە هۆکاری جۆراوجۆر ناتوانێت لەگەڵ تورکیا کۆببێتەوە و تەنانەت کاتێک لەگەڵ ئێمە کۆدەبنەوە روون و سروشتی نین.