لە هێرشێکی میلیشیایەکی سەر بە ئێراندا شەش ئەندامی “هەسەدە” شەهیدبوون
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند، لە هێرشێکدا کە ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانیانی لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، شەش لە شەڕڤانیان شەهید بوو، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت لەوەی کە میلیشیایەکی سەر بە ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
“هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، ئەکادیمیایەکی مەشق و ڕاهێنانی لە کێڵگەی عومەر کردە ئامانج، شەش شەڕڤانیان گیانیانی لەدەستداوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی سەربازی کە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکات بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی کێڵگەی عومەر لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە کرایە ئامانج، پێنج چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات گیانیان لەدەستداوە و چواردەی دیکەش بریندار بوون، کە باری تەندروسستییان سەختە.
ئەم ڕووداوە کە بە یەکەم ڕووداوی لەم جۆرە دادەنرێت، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشدایە کە لەلایەن میلیشیاکانی لایەنگرەکانی ئێرانەوە بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا و عێراق ئەنجام دەدرێن.