له‌ كه‌مپی هۆڵ دوو ئه‌ندامی داعش ده‌ستگیركرا

ره‌ققه‌ – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی شانەکانی داعشیان راگەیاند له‌گه‌ڵ دەستبەسەرداگرتنی بڕێك چەک و تەقەمەنی لە کاتی به‌ڕێوه‌چوونی قۆناغی سێیەمی هەڵمەتی “مرۆیی و ئەمنی” لە کەمپی هۆڵ.

لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەڵمەتێکی ئەمنییان لە کەمپی هۆڵ دەستپێکرد، بە بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئه‌ویش دوای کۆکردنەوەی زانیاری كه‌ ئاماژەیان بە نیازی رێكخراوی تیرۆریستی “داعش” ده‌كرد بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، هێزە تایبەتەکانیان دوو هەڵمەتیان لەناو کەمپەکە ئەنجامداوە و دوو ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە.

دوێنێ هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکردنی ئه‌ندامێكی ڕێکخراوی داعشیان به‌ ناوی “ئەبو عەبدولحەمید” راگه‌یاند، کە بەرپرس بووه‌ لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەی لەنێو منداڵاندا، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی داعش هه‌بووه‌ لە دەرەوەی کەمپەکە.

داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان