بۆردومانێکی تورکیا گوندێکی گوندەواری رۆژئاوای مەنبیج دەکات بە ئامانج

مەنبیج – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دڵسۆزیان گوندی جەبلەت ئەلحەمرایان لە گوندەواری مەنبیج لە باکووری سووریا بە هاوەن بۆردومان کرد.

ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی تورکیا کە لە بنکەی زەرزوور لە ڕۆژئاوای شاری مەنبیج جێگیر بوون، بە هاوەن گوندی جەبلەت ئەلحەمرایان لە ڕۆژئاوای مەنبیج کردۆتە ئامانج.

ئەنجومەنەکە باسی هیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوواندا.

رۆژی 30ی ئابی رابردوو، گوندەكانی ئەلتۆخار و ئەلمەواسین لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری مەنبیج، لەلایەن هێزەكانی توركیا و لایەنە چەكدارەكانی دڵسۆزیانەوە بۆردومانی هاوشێوەیان بەخۆوە بینی.