هێزەكانی ئەمەریكا 12 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەخاتەخوارەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئاشکرا کرد لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن خستوویانەتە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستەكرابوون.
کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە ئامانجی حوسییەکان، كە ڕۆژانە هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكان و مەترسییان خستووەتە سەر جوڵەی بازرگانیی جیهانی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندووە، هێزەكانی ئەمەریكا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستە خوارەوە کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرابوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان مەترسییان لەسەر کەشتییەکان و هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکە دروستکردووە .