وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا: بەریتانیا بەشداری لە هێرشەكانی ئەمریکادا كردووە بۆ سەر عێراق و سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا رایدەگەیەنێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئامانجیان هەڵگیرسانی ململانێکانی ناوچەکەیە.

لە کاردانەوەی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی دەیان سەربازی دیكە لە هێرشێکی فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن کردە ئامانج، شەوی رابردوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وتی، لەژێر ڕێنمایی ئەودا، هێزەکانی ئەمریکا پێگەی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیان لە عێراق و سوریادا پێکاوە .

زاخارۆڤا دەشڵێت: هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سوریا، پشتگوێخستنی تەواوەتی واشنتنە بە پێوەری یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ناوبراو بەریتانیای بە بەشداریکردنی لەو هێرشە ئاسمانیانە تۆمەتبار کرد سوریا و عێراقیان کردە ئامانج، رووسیا بە توندی سەركۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و بەریتانیا دەکات . راشیگەیاند هەوڵدەدەین بەپەلە ئەم دۆخە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێ بکەین.

دارشتنەوەی: سەعد یازیچی