حکومەتی عێراق: بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له‌ ناوچه‌كه،‌ مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق درووستكردووه‌

دیمەشق – نۆرس پرێس

نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت، بوونی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بووه‌تە هۆکارێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

نووسینگەکە لە راگه‌یه‌ندراوێكدا جەختی لەوە کردووه‌ته‌وه‌ بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە عێراق، 16 کەس كوژراون له‌ نێویاندا هاووڵاتی سڤیل هه‌یه‌ و 25  کەسی دیکەش برینداربوون.

پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، ئەمریکا پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕۆژی هەینی بۆ سه‌ر سێ شوێنی ئەو گروپانه‌ی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە لە ناوخۆی عێراق، حكومه‌تی عێراقی ئاگادارکردۆتەوە.

نووسینگەی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی ئەو هێرشانه‌ دەکات و بە دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر سەروەری عێراق وەسفی کردووە، بوونی هەماهەنگی پێشوەختەی نێوان واشنتۆن و حکومەتی بەغداش ڕەتدەکاتەوە.

داڕشتنه‌وه‌ی: تەیسر محه‌مه‌د