حوسییەکان دەڵێن کەشتییەکی بەریتانیمان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج
هەولێر– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، حوسییەکانی یەمەن راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا هاتووە کە کەشتییەکى بەریتانییان لە دەریاى سوور کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی راگەێنراوەکە، کەشتییە بەریتانییەکە کە بەرەو کەناراوەکانى فەڵەستین دەچوو، لەرێگەى مووشەکەکەوە کراوەتەئامانج.
بەڵام فەرمادەیى ناوەندىی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، کە دوو مووشەکى بالستى دژ بە کەشتییەکیان لە دەریاى سوور لەخاکى یەمەنەوە هەڵدراون و مووشەکەکان کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان نەبووە.
حوسییەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە، کردەوە سەربازییەکانیان لە دەریاى عەرەبى و دەریاى سوور دژ بە ئیسرائیل و ئەو کەشتیانەى بەرەو کەنارەکانى فەڵەستین دەچن بەردەوام دەبێت، “تا ئەو کاتەى کارە دوژمنکارانەکانى سەر غەززە و ئابڵوقەى سەر ئەو کەرتە کۆتایى دێت”، دەشڵێن “ئەمەش وەکو پاڵپشتییەکە بۆ گەلى فەڵەستین و بەرپەرچدانەوەى کارە دوژمنکارانەکانى ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن”.