سوپای سووریا: ئیسرائیل ناوچەی سەیدە زەینەبی لە دیمەشق بۆردوومان کرد
دیمەشق– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، سوپای سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێ، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی ناوچەی سەید زەینەب لە دیمەشق، تا ئێستا زیانەکان دیار نین”.
بە گوتەی سوپاکە، هێرشەکەی ئیسرائیل کاتژمێر 4:20 خولەک، بە کاتی ناوخۆیی ئەنجامدراوە.
ناوچەی سەید زەینەب لە دیمەشق، بە مۆڵگەی هێزەکانی نزیک لە ئێران دادەنرێت و پێشتریش چەند جارێک لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراوە.
رۆژی 29ی کانوونی دووهەمی ئەمساڵ، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەی سەیدە زەینەب، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ نۆرس پرێس، هەشت ئەندامی حزبوڵڵای لوبنان، کە سیانیان سووری بوون، کوژران.
هەفتەی رابردووش سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی “سەید رەزی مووسەوی”، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.