بەرپرسێکی حەماس: هێشتا وەڵامی پێشنیاری ئاگربەستمان نەداوەتەوە بەڵام خوێندنەوەی بۆ دەکەین

دیمەشق– نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، تا ئێستا وەڵامی ئەو پێشنیارەیان نەداوەتەوە کە لە پاریس خراوەتەڕوو، سەبارەت بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە.

سێشەممەی رابردوو، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پێشنیارێک هەیە بۆ ئاگربەستی نوێ لە نێوان بزووتنەوەکە و ئیسرائیل لە غەززە کە سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت، لەوانە ئازادکردنی بارمتەکانی حەماس و زیندانیانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری تاهر ئەلنونو، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسەوە رایگەیاندووە، بزووتنەوەکە پێشنیارێکی سەبارەت بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەداوەتەوە.

قەتەر هاوشانی میسر و ئەمریکا سەرکردایەتی هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات و پێشتر رایگەیاندبوو، کە پێشکەوتنی بەرچاو لە میانی دانوستانەکانی پاریسدا بەدیهاتووە.

هاوکات بەیاننامەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە کۆتایی بەم شەڕە ناهێنێت “بەبێ لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە چیتر مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست ناکات”.

ئەلنونو ئاماژەی بەوەشکرد، “پێشتر ئەو پێشنیازەمان پێگەیشتووە کە لە پاریسەوە هاتووە و ئێستاش لەژێر خوێندنەوەدایە”.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد