ئاسایشی رۆژئاڤا شەهیدبوونی 4 ئەندامیان بە هۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە لە قامشلۆ راگەیاند
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئهمڕۆ ههینی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، کە بە هۆی بۆردومانێکی تورکیاوە بۆ سەر ناوەندێکی هێزەکانیان لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، چوار لە ئەندامەکانیان شەهید بوون و یەکێکی دیکەشیان بریندار بووە.
لە 24ی مانگی رابردوودا، ئاسایشی رۆژئاڤا شەهید بوونی یەکێک لە ئەندامەکانی و برینداربوونی سێی دیکەیان راگەیاند، کاتێک درۆنێکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیانی لەسەر رێگای نێودەوڵەتی کردە ئامانج، کە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا لە پێگەی فەرمی خۆی رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوەندێکی هێزەکانمانی لە دیوی رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی ئەوەی “چوار ئەنداممان شەهید ببن و ئەندامێکیش برینداربووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزەکانمان کە لەناو کەمپی هۆل ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و لەکاتێکدا دەچوونە ناوەندەکەیان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە بۆ ئۆپەراسیۆنەکە، لەناو ناوەندەکەدا کرانە ئامانج”.