لە قامشلۆ دەیان رێکخراو داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن بەپەلە وەڵامدانەوەی هەبێت بۆ هاوکاری هاووڵاتیانی رۆژئاڤا
قامشلۆ– نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، زیاتر لە سەد رێکخراوی سووریا و رۆژئاڤا، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد وەڵامی بەپەلەیان هەبێت بۆ هاوکاریکردنی دانیشتوانی زیانلێکەوتوو لە رۆژئاوای کوردستان، کە بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیاوە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچانە کرانەئامانج و زیانی زۆریان پێگەشت.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا تورکیا بۆردومانەکانی تورکیا بوونە هۆی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ماڵ و موڵکی دانیشتووان و قوربانیانی سڤیل و سەربازی.
رێکخراوەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندووە، “پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵمان بن لە بانگەوازەکەمان بۆ وەڵامدانەوەی بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی دانیشتوانی زیانلێکەوتوو و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نۆژەنکردنەو و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکانی رۆژئاڤا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، پێویستی بە گرنگیدان و هاوکاریی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
گوتیشیان، ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە و بەئامانجگرتنی راستەوخۆی ژێرخان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان زۆر سنووردار بووە و هەندێک خزموتگوازری وەک (غاز، ئاو، و کارەبا) هەر نەماوە.
بە گوتەی ئەوان، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەرتەکانی دیکەی وەک تەندروستی، پەروەردە، ئاسایش، سەلامەتی کۆمەڵگا و ئەوانی دیکە دەبێت.
ئەو ڕێکخراوانەی واژۆیان لەسەر ئەو بەیاننامەیە کردووە پێیان وابوو چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاڤا پێویستی بە هەوڵێکی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە کاریگەرییەکانی بۆردومانی تورکیا لەسەر ناوچەکە زۆر گەورە بوون و رێکخراوەکان و ئەوانی تریش نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، پێویستە حکومەتەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان کۆببنەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری خێرا و چارەسەری درێژخایەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، هیوایان خواستووە، کە لیژنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ رۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕن لە وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان، بە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، داوای پاراستنی دانیشتوانی سڤیل و گوێگرتن لە داواکاری زیانلێکەوتووان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە، و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە شێوەیەکی کاریگەر.