بەریتانیا بەشداری ناکات لە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکادا دژ بە ئامانجەکانی ئێران لە عێراق و سووریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، بەریتانیا رایگەیاند کە بەشداری لە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکادا ناکەن، کە لە دژی ئامانجە ئێرانییەکان و سەربازە جێگیربووەکانیان لە عێراق و سووریا ئەنجامی دەدەن.

بەپێی ئەوەی تۆڕی هەواڵی ئەمریکی (سی بی ئێس نیوز) دوێنێ پێنجشەممە بڵاویکردووە ، بەرپرسانی ئەمریکا رەزامەندیان داوە بۆ دەستپێکردنی هێرش، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە عێراق و سووریا بۆ سەر زۆرێک لە ئامانجەکانی ئێران، لەوانەش کارمەندانی سەربازی ئێرانی و دامەزراوە ئێرانییەکان.

گرانت شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، بەریتانیا ناچێتە پاڵ هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکان، لەوانەش کارمەندان و دامەزراوە ئێرانییەکان لە ناوخۆی عێراق و سووریا.

شاپس لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف ئاماژەی بەوەشکردووە، لەندەن دەیەوێت خۆی لە “ململانێ ناوچەییە بەرفراوانەکان” بەدوور بگرێت.

ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشی درۆنێکدا، کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کردە ئامانج، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون و دەیانی دیکەش برینداربوون و ئەمریکاش ئێرانی بە هۆکار بۆ رووداوەکە تۆمەتبار کرد.

بەڵام بە گوتەی وەزیری بەریتانیا، وڵاتەکەی “بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا” لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە دەریای سوور.

داڕشتنەوەی: مالین محەممەد