پاش راگەیاندنی راگرتنی سەرجەم هێرشەکانیان.. مقاوەمەی ئیسلامی باس لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند، بەندەرێکیان کردووەتە ئامانج لەو ناوچانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە فەلەستین کۆنتڕۆڵکراون.

دوو رۆژ لەمەوبەر هەمان میلیشیا راگرتنی سەرجەم هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان راگەیاند و گوتیان “بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق شەرمەزار نەکەن”، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی گومانیان خستە سەر راگەیاندنەکەیان و گوتیان “کردەوە شەرتە نەک قسە”.

“مقاوەمەی ئیسلامی” کە ئەمریکا دەڵێت ئێران پڕچەکیان دەکات، رایگەیاندووە، کە “بەندەری حەیفا”یان لە فەلەستین کردۆتە ئامانج.

میلیشیاکە لەراگەینراوێکدا دەڵێ، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەندەرەکەیان کردۆتە ئامانج، بە گوتەی خۆیان ئەمەش لە وەڵامی “ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامی داوە”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان