کۆشکی سپی: هێرشەکەی ئوردن بۆ سەر هێزەکانمان “مقاوەی ئیسلامی لە عێراق” ئەنجامیداوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی دوێنێ چوارشەممە، کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، ئەو گروپەی خۆی بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ناساندووە، لە پشت هێرشە درۆنیەکەوە بوو، کە بووە هۆی کوژران و بریندار بوونی زیاتر لە  40 سەربازی ئەمریکی لە بنکەی سەربازی تاوەر22 لە ئوردن.

یەکشەممەی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر بنکەی تاوەر22 لە ئوردن 3 سەربازی ئەمریکی کوژران و نزیکەی 40 سەربازی دیکەش برینداربوون، واشنتۆن رایگەیاند، ئەنجامدەرانی هێرشەکە گروپەکانی نزیک لە ئێرانن.

جۆن کیربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاند، هەواڵگریی ئەمریکا وا گریمانە دەکات کە گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”ی سەر بە ئێران، هێرشەکەیان ئەنجامدابێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەمریکا “لەکات و شێوازی گونجاودا” وەڵام دەداتەوە، و گوتیان، “تەنها لەبەر ئەوەی لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا هیچ وەڵامێکتان نەبینیوە، مانای ئەوە نییە هیچ نابینن، ئەوەی یەکەمجار دەیبینن دواهەمین نابێت”.

کێربی لێدوانەکەی لیواکانی حزبوڵای عێراقی رەتکردەوە، کە تێیدا “راگرتنی هێرشە سەربازی و ئەمنییەکانیان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا” راگەیاند.

ئاژانسی (ئێن بی سی) لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن تا ئێستا ئامانجەکانی وەڵامدانەوەی سەربازی خۆی بۆ ئێران یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەربازە ئەمریکییەکان لە هێرشەکەی سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کوژران.

بەرپرسان پێشبینیان دەکرد وەڵامدانەوەی سەربازیی هێرشکردنە سەر چەکدارانی سەر بە ئێران لەخۆ بگرێت، هەروەها لە شێوەی هەڵمەتێکدا بێت کە “رەنگە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت”.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان