هێزەکانی ئەمریکا هێرشی نوێیان دژ بە حوسییەکان ئەنجامدا له یەمەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی نوێیان کردە سەر 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و وێستگەیەکی کۆنترۆڵی زەمینی سەر بە گروپی حوسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سێنتکۆم، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هێرشەکان “وێستگەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان و 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر”یان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئامانجەکان مەترسییەکی نزیکیان لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستکردبوو”.
دۆێنێ چوارشەممەش، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، لە کەنداوی عەدەن، خستنەخوارەوەی مووشەکێکی بالستیکی دژە کەشتیی حوسییەکانی راگەیاند، ئەمە جگە لە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سەنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “چەکدارە حوسییەکان بە پاڵپشتیی ئێران، مووشەکێکی بالیستی دژە کەشتییان لەو ناوچانەوە، کە لە یەمەن کۆنتڕۆڵیان کردووە، بەرەو کەنداوی عەدەن هەڵداوە. کەشتیی USS Carney توانیویەتی بە سەرکەوتوویی بیانخاتە خوارەوە”.
گرووپی حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، کە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ژمارەیەک هێرشیان بۆ سەر پارێزگای سەعدە لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستپێکردووە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی گرووپی حوسییەکان رایگەیاندووە، “حوسییەکان روبەڕووی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەبنەوە و لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوان و وەڵامدانەوەیاندا درێغی ناکەن”.