ئەمریکا سزا بەسەر ژماره‌یه‌ك قەوارە و كه‌سایه‌تی له‌ لوبنان و تورکیادا دەسەپێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ قەوارە و کەسایەتی لە لوبنان و تورکیا سەپاند، بەهۆی پاڵپشتیکردنی تۆڕێکی دارایی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی و سوپای قودسی ئێران.

وەزارەتەکە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاندووە، ئەو سێ قەوارەیەی دەکەونە لوبنان و تورکیا، داهاتیان لە فرۆشتنی کەلوپەلی ئێرانییەوە کۆکردووه‌تەوە کە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، لەنێویاندا بۆ حکومەتی سوریا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فرۆشتنی ئەو کاڵایانە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی بودجە بووه‌ بۆ كرده‌ تیرۆریستییە بەردەوامەکانی سوپای پاسداران، سوپای قودس و حزبوڵڵا و پشتیوانیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی ناوچەکە.

هه‌ر لە چوارچێوەی سزاکاندا، گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووه‌ سزای بەسەر سێ قەوارەی دیکەدا سەپاندووە بەهۆی ڕۆڵیان لە تێکدانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە سودان.

داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی