فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران: هەڕەشەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێننەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت هەڕەشەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نامێننەوە.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، لە هێرشێکدا کە بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن لە نزیک سنووری سوریا کردە ئامانج، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیاتر لە 30 سەربازی دیکەش برینداربوون، واشنتۆن گروپە توندڕەوەکانی سەر بە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و به‌ڵێنیدا وەڵامی ئه‌و هێرشه‌ بدەنەوە .

حوسێن سەلامی باسی لەوەشکردووه‌، ئاگاداری ئەو هەڕەشە و مەترسیانەی بەرپرسانی ئەمریکین، پێیان دەڵێین ئێوە تاقیتان کردووینەتەوە و یەکتر دەناسین، ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕین، بەڵام لێی ناترسین.

تاران ڕەتیکردووه‌ته‌وە پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر بنکەكه‌ی ئەمریکاوە هه‌بێت و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووه‌، تاران دەستی لەو هێرشه‌دا نه‌بووه‌.

داڕشتنه‌وه‌ی: عەبدولسەلام خۆجە